top of page
  • Writer's pictureSimko Ahmed

جادەی سەهۆڵەکە


ئەمشەو ئارەزووی پیاسەیەکی پایزی سەهۆڵەکە دەکەم چونکە منداڵیی و هەرزەکارییم لەوێ جێماون ئەمشەو بە دوای خەونە تەواونەکراوەکانمدا دەگەڕێم چونکە تابلۆکانم رەنگ لە خۆناگرن تا کۆتایی خەونەکان نەبینن ئەمشەو دەمەوێ زەردەی خۆری بازیان بکەمە پێکێکەوە و مێزی سەری ساڵی ٢٠١١ی پێ بڕازێنمەوە ئەمشەو پوورەی هەنگی رابردووم درزێکی تێبووە نهێنیی هەنگەکان باڵیان گرتوە و ختووکەم دەدەن ئەمشەو شەقامەکانی لەندەن لە پەڕاوی یادەوەرییەکەم دەچن زۆر سپین ئەم شەقامە ناوی سەهۆڵەکە نییە بەس سەهۆڵە شەقامەکەی ئەندێشەی منیش ناوی سەهۆڵەکەیە بەس سەهۆڵ نییە تۆ بڵیی من و شەقامی سەهۆڵەکە ئیتر یەکتر بناسینەوە؟ تۆ بڵیی هەر تووڕە بێ لە ونبوونم؟ تۆ بڵیی ئەویش چاوەڕێی چیڕۆکە تەواونەبووەکانم بکا؟ چیڕۆکی شەوە تاریکەکان، شەوی تەقەکان چیڕۆکی رۆژە خوێناوییەکان؟ بێ رەنگەکان؟ ئەو شارەی کە من جێمهێشت دەڵێن گۆڕاوە ئەو خەونەی من لێم جیما لەوێ هەر بە دوامدا دەگەڕێ پیاسە دەکا لە سەهۆڵەکە لە چایخانەی (شەعب) چا نۆش ئەکا تۆ بڵیی من و ئەو خەونە کۆنەم یەکتر بدۆزینەوە رۆژێ؟ پیاسەیەکی تری سەهۆڵەکە بکەین جارێکی کە بە بێ ترس بە بێ پرس؟



٢٥\١٢\٢٠١٠ - لەندەن

173 views0 comments

Recent Posts

See All
bottom of page