top of page
  • Writer's pictureSimko Ahmed

هیوا


هیوا

چ گوڵێك هێندەی ئەو گوڵە جوانە

کە لەسەر خۆڵەمێشی جەنگ دەڕوێتەوە؟

چ خەونێك هێندەی خەونی فڕینی ئەو کەوە شیرینە

کە دەرگای قەفەزی

بۆ ناکرێتەوە؟

چ ماچێك هێندەی ماچی تابوو

پڕ لە سیحرو ئەوینە؟

من زۆر دەمێکە تامەزرۆی فڕینێکم

شینتر لە ئاسمان و دەریا

زۆر دەمێکە ئارەزووی درووستکردنی ماڵێکم

لە سەرهێڵی ماچی

ئاسمان و زەریا

ماڵێك لە گوڵەباخەکانی دایکم بچێ

ماڵێك پەنجەرەکانی هێندەی باڵی

پەپوولە مۆرەکان ناسک بێ

من زۆر دەمێکە هەنگی خەیاڵم

خەونی شیرین دەبینێ

لە دووی گوڵی سەرخۆلەمێشی جەنگەکان وێڵ و وونەو

خەو دەبینێ


لەندەن ۲٠۱۷

6 views0 comments

Recent Posts

See All
bottom of page