• Simko Ahmed

من


من


من نامەوێ براوەبم

من دەمەوێ دۆڕاو نەبم

چ زەمەنێکە من تیا دەژیم؟

چ تەمەنێکە من نغرۆی بووم؟

چ غەمێك بوو پێش یەك بەهار

دە پایزی وا بەڕێ کرد؟

ئاخر منێك کە لەم گوڵزارەدا هاتمە بوون

بۆ تەنها بە بۆنی گوڵێک

وا موعتاد بووم!

من نامەوێ براوەبم

من دەمەوێ شاراوە بم

من دەمەوێ دۆڕاو نەبم

من هەنگم کردە وەزیر بۆ شیرینی

گوڵم کردە پەرستیار بۆ برینی

بۆ نەمتوانی تامی شیلەی شەکری بکەم؟

بۆ نەمزانی گۆرانی عەشقی بۆ بڵێم؟

چ زەمەنێکی رەساسی بوو

نەگوڵ نەدار بۆنی نەبوو

چ عومرێکی پڕ حەسرەت بوو

نە باخ نەدار تاقەتی تەنیا

گوڵێکی بێنازی نەبوو؟

ئیمە پیر بووین

چیتر بە گۆچان سەمای

عەشقمان پێ ناکرێ

ئیمە ژیر بووین

بەر لە بارینی تۆفان

دڵمان پڕ کرد لە چەتری بێهودەیی

وسەحرامان تەنیا جێ نەهێشت

بڕۆ ئەی عەشقە ناکامڵەکە

بە راستەی زەمەن

حەسرەتەکانم مەپێوە

من تا لە مانای عەشق گەشتم

پیر بووم و

دڵی لەرزۆکم بێ گۆچان

زەینی کوێربوو

ڕیگاکانی مەکتەبی ئەردەڵانیش

نادۆزێتەوە

بیرتە دوا یاری چاوشارکێمان؟

ئەوە دوا جارم بوو کە بینیمی

نەتدەزانی کە لە پشتی مانگ بوو

خۆم حەشاردابوو

هەر دەسورایتەوە و هاوارت

دەکرد بۆم

فرمێسکەکانیشم بینیت

هەر خۆم ئاشکرا نەکرد

زۆر بێ دەنگ دەگریام

تا نەمدۆزیتەوە

چونکە دەمزانی کە کۆتاییەکی تاڵ

باشترە لە تاڵی یەکی بێ کۆتایی

بمبوورە دلۆ

من براوەیەکی دۆڕاوم

زەمەنم وەکو کولیچەکانی دایکم

بەسەر چووە

تامی ڕۆژانێك دەدەن

من نەبێ هیچ کەسیکی تر

لێی تێناگا

چ عومرێکی خێرا ژیام

چ ژیانێکی بێ ڕەنگ ژیام؟

دایکم دەیووت لە پشتی هەور

تەنها وەرزێك بوونی هەیە

ئەویش بەهارە

من دەمزانی کە ڕاست دەڵێ

چونکە لە چاوی سەوزی کۆترە بەرزفرەکانا

دەمخوێندەوە

من نامەوێ براوە بم

من دەمەوێ دۆڕاو نەبم

بەجێت دێڵم ئازیزەکەم

چونکە دەزانم کۆتاییەکی تاڵ

باشترە لە تاڵی یەکی بێ کۆتایی


سمکۆ

یابان ۲٠۱۹

6 views