top of page
  • Writer's pictureSimko Ahmed

له‌هه‌موو شوێنێ ئاسمان شینه‌


له‌هه‌موو شوێنێ ئاسمان شینه‌

که‌ منداڵ بووم

له‌سه‌ربانی ماڵی خۆمان ڕاکشابووم

هه‌ردوو ده‌ستم وه‌ك کۆڵه‌که‌

مێوی به‌رسیله‌ی خه‌یاڵمی راگرتبوو

که‌ناری بێ ئۆقره‌ی خه‌یاڵیش

فڕکه‌فڕکی پێکه‌وتبوو

ئه‌بێ دیاری بابه‌ چی بێ؟

پاسکیلێکی دوو تایی بێ؟

یاخود که‌مانچه‌ سپیه‌که‌ی

هاوڕێ بێ په‌نجه‌که‌ی بێ؟

له‌سنگی ڕه‌شی ئاسمان و

گۆبه‌رۆکی ئاڵتوونینی ئه‌ستێره‌کان

واق ووڕمابووم

که‌ بابم هات

له‌ نیو له‌پی ده‌ستیدا هیچم نه‌دی

وه‌کو هه‌رده‌م

قومێ حوزن و پێکێ مه‌ی بوو

خه‌ونی دیاری و پاسکیله‌‌که‌ش

وه‌کوگشت خه‌ونه‌کانی ترم

له‌باربراو

ووشک و سیس بوو

بابم ووتی سمکۆ کوڕم

سه‌یری ڕوخساری ئاسمان که‌

سه‌یری ئه‌و سێ ئه‌ستێره‌ که‌

له‌ سه‌ر یه‌ک هێڵ ڕاوه‌ستاون

له‌ گشت ئه‌ستێره‌کانی دی

ڕوناکترومناڵتروده‌نگ خۆشترن

له‌م شه‌وبه‌دوا

ئه‌‌وسێ ئه‌ستێره‌ مناڵه‌

بۆتۆئه‌بن

دیاری منن

هه‌رکاتێ که‌ ته‌نیابووی

هه‌رشه‌‌وێ که‌ گریابووی

به‌ ده‌ستی شه‌و هه‌وری سنگی ئاسمان بسڕه و‌

دیاریه‌که‌ی من ته‌ماشاکه‌

ئه‌وجا هه‌ست که‌

که‌ من لاتم

گه‌ر ئاوێنه‌ی مانگ ته‌واوبوو؟

سه‌یری روخسارم بکه‌

گه‌ر ئاوێنه‌که‌ش شکابوو؟

من له‌گه‌ڵ با هه‌ست پێ بکه‌

باوکم ئه‌وجار

پێش ماڵئاوای ئه‌ستێره‌

بڕیاری دا

سه‌فه‌رێکی ئه‌به‌دی کا

منیش ئه‌وجا

بڕیاری سه‌فه‌رێکی زۆر دوورم دا

له‌گه‌ڵ قازوقولینگه‌کان

زۆر به‌رز فڕین له‌سه‌ر هه‌ورله‌ژێر ئاسمان

له‌سه‌ر پشتی نهه‌نگه‌کان

یاریمان کرد

مه‌له‌مان کرد

له‌ نێو ماچی شینی ئاسمان و ده‌ریادا

بۆیه‌که‌مجار دڵداریم کرد

سه‌فه‌رێکی زۆر درێژ بوو

هه‌ورم دڕی

ده‌ریام بڕی

له‌سه‌رباڵی نه‌وڕه‌سه‌کان

له‌سه‌ر لۆکه‌ی هه‌وره‌کان

له‌سه‌رلێوی گشت وه‌رزه‌کان

شیعرم چڕی

کاتێک به‌ ئاگا هاتم

له‌سه‌ر خۆرێکی سوور بووم

گۆێم له‌ ترپه‌ی دڵی تۆکیۆ و

چرپه‌ی هیرۆشیمابوو

بابه‌ لیره‌ ته‌نها ئاسمان

وه‌کو لای خۆمان شینه‌

هیچ که‌سێ له‌ من ناچی

هیچ جاده‌یه‌ک نامناسێ

بابه‌ ئێستا ته‌مه‌نم

چوار هێنده‌ی ئه‌و شه‌وه‌یه‌

گه‌ر ڕوخسارم ببینی

ئه‌به‌د نامناسیه‌وه‌!

زه‌مه‌ن نه‌ک هه‌ر ڕوخساری من

گشت شتێکی گۆریوه‌

دره‌خته‌کان، ئینسانه‌کان

شه‌قام و جاده‌وخه‌ونه‌کان

هه‌موو گۆڕان!

ته‌نها شتێ وه‌ک خۆی مابێ؟

خۆشه‌ویستی دڵی من و

سێ ئه‌ستێره‌ ودیاریه‌که‌ته‌



سمکۆ ئه‌حمه‌د

پایزی تۆکیۆ 2008-12-13

تێبینی/ ئاڵای وڵاتی ژاپۆن خۆرێکی سووره‌ له‌سه‌ر ڕه‌نگی سپی

3 views0 comments

Recent Posts

See All

Comments


bottom of page