• Simko Ahmed

خودا دار


خودا دار

لە دامێنی دۆڵێکدا

لە نێو دارستانێکی چڕدا

گوندێك هەبوو

زۆر قەشەنگ بوو

وەلێ غەمگین بوو

لە نێو دێڕی دارستاندا

خودادار ێك قنج وەستابوو

دەستی لە بنمیچی ئاسمان و

و نینۆكی قاچی

لە ناوکی زەوی هەلچەقابوو

پیرانی دێ پشتاو پشت

چیرۆکی پیرداریان

لە گوێ ئاگردان باس دەکرد

دەیانووت خودادار تەمەنی

بۆ هەزاران ساڵ زۆرتر دەچێ

گوایە لە عەیام زوحاکیشدا

بوونی هەبووە

کەتوڕە بووە

گوڵی شەرابی گرتووە

باڵای پیردار

لە هەموو

ماڵ و دارو گردەکانیش

بەرزتر بوو

ماڵی گشت باڵندە کۆچەریەکان

باڵی گشت داڵە کەرخۆرەکان

شاری سمۆرە چاو پڕ کلەکان

لەسەر لەپی دەستی ئەو بوو

گشت دارە بەرزەکانی گوند

ئیرەییان دەبرد

بە باڵای ئەو

گشت پیاوە قەزەمە زەنگینەکانی دێش

چاوویان بە باڵای ئەودا نەدەهات

نەیاندەتوانی ڕاوی کەن

بیبەنە نێو باخە تەلبەندەکانی خۆیان و

دەستەمۆی کەن

ئاغای دێ زۆر داخی بوو

هیچ مەلێك بە باخی ئەو

ڕازی نەبوو..!

کۆترە پەڕ لە پیکانیشی

باڵی عەشقیان

لە قەدوپۆپی ئەو هەلدەسوو

بۆیە ئاغا بڕیاری دا

خودادار لەتەور با

تا مەلەکان چیتر

لەسەر لق و پۆپی بەرزی ئەوا

ماچی خۆیان نەدەن بە خوا

تا بەرزترین دار

ببێتە دارەکەی ناو باخی ئەو

تا مەلەکان ناچار بکات

کۆچ بکەن بۆ ماڵی ئەو

هەر ئەو ڕۆژەی پیاوە قەزەمەکان

بە تەورو مشار

گرتیان چواردەوری ئەو

دەڵێن خودادار توڕە دەبێ

سەرتاپای خۆی

لە گوڵی شەرابی هەلئەژەنێ

لە جێ دەمی هەر تەورێکا

لە ژێر دانی هەر مشارێکا

جۆگەیەک خوێنی شەرابی هەلئەکا

گشت دارە لاوازەکان

گشت باڵندە نەخۆشەکان

چارە دەکا

لەگەڵ کەوتنی خودا داردا

ئەڵێن ئاغاش پیس کەووتووە

حەکیمی دێ فەحسی دڵی بۆ کردوە

ئەڵێ گوایە لە ژێر دڵی ئاغا

دڵێکی تەختەش ڕواوە

پێ دەچی دڵی خودادار بێ

هەردوو قاچیشی بۆتە تەختە

ڕێك لە و تەختەی پیردار بووە

لەوکاتەوە

هەموو شەوێك خەونی ئاغا

مێژووی کۆنی خودادارە

ئەڵقە ئەڵقە پێی دەبینێ

زەمانی زوحاك و کاوە

سەرەتای درووست بونی لادێ

و چیرۆکی گشت باڵندە کۆچەریەکان

لەگەڵ هەر بروسکەیەک لەوی دابێ

ئاغاش بروسکە لێیداوە

بوومەلەرزە و لافاو و شەڕ

چیرۆکی ماچ و عەشقی دڵتەڕ

مێژووی هەزاران ساڵ

لە چاوی دار

پێش لە دایکبوونی ئاغاش

هەموو شەوێ

ئەلقەیەکی نیشان ئەدا

کە دەخەوێ

*****

ساڵ هات و چوو

ئاغا ی لە قاچ کەوتوو

نەیبوو عیلاجی قاچی تەختەی

نەی ما خەوو ئاسوودەیی

دەڵێن گوایە لەگەڵ هاتنی

پۆلێ باڵندە ی کۆچەری

عاشقی کۆنی پیردار

لەسەر تەختەی قاچی ئاغا

چرۆی کردوە گوڵی شەرابی

سمکۆ ۲٠۱٦

2 views